ساردیی زستان بەجۆرێک زەوی و ئێمەی دڵخۆش کرد کە دەستەکان بەرز بکەینەوە و بەهۆی تامەزرۆیی، ڕژانی خێر و بەرەکەت و ڕوانی سەوزی و سوێسن له‌دوای وەرزی زستان، بڵەین: خوایە! بە شوکرانەبژێری ئەم بارین و سەرهەڵدانە بمانگۆڕە و تەمەنمان پڕ لە پیت و بەرەکەت بکه و پەروەردەکردنمان سەد هێندە زیاتر بفەرموو، چونکە هەر تۆ خوڵقێنەر و ڕاهێنەرمانی.

هەزاران جار شوکر و سپاسی خوای گەوره دەکەین کە توانایی دیتنی سپیایی و ڕەسەنایەتی زستان و هەنگاونان لەسەر پاکیی بەفر لەژێر ئاسمان و لەسەر زەوی بە قسمەت کردین و هیوا و ئومێدی دیتنی بەهار و گوڵ و سەوزەی لە دڵماندا چاند.

با بیر بکەینەوە لە زستان، لەم وەرزە سپی و بێگەردە چ فێر بووین؟ چمان لە جانتای نەبەستراوی سەفەرەکەمان وەدەست هێنا؟ 

زستانیش وەکوو ئێمە ڕێبوارە؛ بەڵام ڕێبوارێکی گەلێک باش کە به‌بەردەوامی لە کۆڵەبارەکەیدا دلۆڤانی و پاکی و لێبوردنی هەیە. 

میوانە و دابودەستووری میوانی بە چاکی دەزانێت، پێش هاتنی هەواڵ دەدا کە ئەی ئاسمان! سارد و تاریک بە و گەیشتنی من ڕابگەیەنە تاکوو هیچ کەسێک بە میوانێکی نەخوازراوم دانەنێت، نەوەکوو بەهۆی هاتنی من تووشی دژواری و زەحمەت بن. 

ئەی دارەکان! بخەون، گەڵا و باری خۆتان لەسەر زەوی دابنێن تاکوو قورسی و گرانایی هاتنم پشتی هیممەتتان نەشکێنێت. 

ئەی بوونەوەرە ورد و درشتەکان! بڕۆنەوە ناو ماڵەکانتان، تاکوو کزەی سەرمای هاتنم نەبێتە هۆی کوێرەوەریتان، بژیوی خۆتان پاشەکەوت بکەن تاکوو نەبمە هۆی برسیەتیتان.

ئینجا هێدی‌هێدی و له‌سەرەخۆ، بەبێدەنگی به دابەزینێکی پیرۆز لەسەر زەوی دادەبەزم.

هیچ کاتێک به‌ لێدانی بۆق و که‌ڕه‌نا هاتنی من بە هیچ کەسێک ڕامەگەیەنن: کە ئەی خەڵکینا میوانێکی زۆر دلۆڤانتان هەیە. با دلۆڤانی و لێبوردنی به‌بێ هاوارکردنیش فێر بین.

دانیشت و شەکەتی دەرکرد، بووە هۆی خۆشی دڵەکان و ئینجا بەبێدەنگی بوو بە ڕایەخێک بەوێنەی ئاوریشم نه‌رم، ئەوەندە لە دەنگی دڵخۆشی منداڵان شادومان بوو کە بە هێمنی و بە دڵنیاییه‌وه لەژێر پێیان تواوە و بە زەویدا چووە خوارەوە بەبێ منەت و تووڕەیی. 

فێر بین ئەگەر خزمەتێکمان کرد و کەسێکمان دڵخۆش کرد، ببینه خۆڵ، ببینە ئاو و بە ئارامی سپاسی خوا بکه‌ین.

هێندەمان پەرۆشی تێکشکانی شکۆی خۆمان نەبێت، وەکوو بەفر بتوێینەوە و شکۆ و گەورەییمان ئەویندارانە قوربانی خزمەتێک بکەین.

تواوه، بە زەویدا چووە خوارەوە، نەوەستا تاکوو بۆگەن نەبێت و وەڕێ کەوت لەلای گشت بەرد و پووش و پەڵاشێک تێپەڕی. هێدی هێدی ڕێگەکانی کردنەوە، هەوڵی دا، گەیشتە ڕەگی دار و گیا، بوو به مزگێنی تێراوبوون بۆیان، هەواڵی سەوزبوونی پێدان، بوو بە هیوا و ئومێدی بەرەکەت، دارەکان بەهۆی هاتنی گەشانەوە و گەڵایان دەرکرد.

با فێر بین لەلای گشت ئازار و دژوارییەک  تێپەڕین، ڕێگە بەرەو دڵەکان بکەینەوە و مزگێنیدەری ڕەحمەت و سەوزی و سەرزیندوویی بین، ئەگەر لەژێر خەڵواری خۆڵی ساردیش ماینەوە، ببینە دەریا، ببینە کانیاو و زیاتر بەرز بینەوە. 

لە بەفر فێر بین، ئه‌م به‌فره‌ی کە ئەگەر لەسەر زەویش بمێنێتەوە، وردەوردە تینی خۆر دەیخاتە ڕێ، دەبێتە ڕووبار، ڕەوانە دەبێت، زەوی دەپێوێت و سەوزی دەکات، دەبێتە پیت و بەرەکەت و ڕێگەی خۆی خاوێن دەکاتەوە. 

با ئێمەش هەندێ جار بەبێدەنگی وەڕێ کەوین؛ بەڵام بەکەڵک و هیوابەخش بین و هەندێ جاریش بە ده‌نگ و شکۆوە بوەستین و گەشە بکەین. من زیندووم، ئومێدم هەیە و ئومێد دەبەخشم، من ژیانم، شەوقم، ئەوینم...بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک!

گشت لێڵی و ژەنگارێک پاک بکەنەوە، بریقە بخەنە دڵەکانتان، دەست بنێنە ناو دەستم تاکوو وەڕێ کەوین لە دەشتی ئاواتەکانماندا، لە کێوەکانی یەکگرتووییدا، چونکە من ئاوێنەی بێ ژەنگاری ئێوەم. 

لە زستان ئەرکناسی و بەرپرسی فێر بین، هەموو ساڵێک لە کاتی خۆیدا دێت و دەڕوا، بەدوای بەجێهێنانی ئەرکی خۆیەتی بەبێ سێ‌ودووکردن. 

لە زستان فێر بین تێپەڕینی تەمەنمان، هەندێ جار شکان و هەندێ جار توانەوە لەبەر وەئەستۆگرتنی ئەرکێک، فێر بین سەرلەنوێ وەڕێ کەوین. 

هەڵدانەوەی سەرلەنوێ لە بەفر فێر بین و گۆڕەپانی مەحشەر وەبیر خۆمان بخەینەوە.

به‌هار قیامه‌تێکی بچووکه، بەفر و ئاو و بارانیش بێنیشانە لە قیامەت نینە، لە ئاسمانن، دەبارن، بە زەویدا دەچنە خوارەوە، یان لەسەر زەوی وەڕێ دەکەون و سەرلەنوێ بە نەفخی خۆر دەگەڕێنەوە ئاسمان و بە نەفخی هەور دێنەوە سەر زەوی. ئەم سووڕەی کە بەبەردەوامی بۆ بەفر و باران داندراوە، هەرگیز بەبێ داڕێژه و ئامانج نییە.

خولقێنەرێک کە خۆری کردۆتە نەفخی سەرهەڵدانی بەفر و باران، هەورەبرووسکەی کردۆتە نەفخی هاتنەخواری سەرلەنوێی بەفر و باران، هەرگیز قەبووڵ ناکات ئێمە بەبێ زانست و بیرکردنەوە لەسەر سپیایی و پاکیی بەفر و باران هەنگاو بنێین، کەڵکیان لێ وەربگرین و جەستەمان گۆشتن بکەین، بەڵام هزر و بی‌درمان هه‌ر وەک پێشوو بەهرەمەند نەبێت! هەرگیز قەبووڵ ناکا ڕەوانبوونی بەفر و باران لەناو زەویدا، هەڵقوڵینی کانیاو لەژێر بەرداندا، که تەنیا ڕوخساریان پێ بشۆین و ڕەوشت و بیروڕامان وەک پێشوو لێڵ و تۆزاوی بێت.

ثُمَّ قَسَتْ قُلُوبُکُمْ مِنْ بَعْدِ ذَلِکَ فَهِیَ کَالْحِجَارَهِ أَوْ أَشَدُّ قَسْوَهً وَإِنَّ مِنَ الْحِجَارَهِ لَمَا یَتَفَجَّرُ مِنْهُ الْأَنْهَارُ وَإِنَّ مِنْهَا لَمَا یَشَّقَّقُ فَیَخْرُجُ مِنْهُ الْمَاءُ وَإِنَّ مِنْهَا لَمَا یَهْبِطُ مِنْ خَشْیَهِ اللَّهِ وَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ [بەقەڕه:۷۴]

{ئینجا بە چاوی خۆتان دیتتان ئەم کوژراوە زیندوو بۆوە لەباتی ئەمە کە دڵتان نەرم بێت، دڵتان لە جاران ڕەقتر بوو، وەکوو بەرد بەڵکوو زیاتریش ڕەق بوو. هەندێک بەرد ڕووباری ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت، هەندێکیان لەت دەبن و ئاویان لێ دەردەچێت، هەندێکیان لەسەر بەرزییەوە دادەڕووخێن لە بیمی خوا، خوای گەورە لەم کردەوانەی دەیانکەن بێ ئاگا نییە.} 

‏ئەگەر پاکبوون و پاککردنه‌وه لە بەفر و باران و ئاو فێر نەبین، دەبێ به دادوهاواره‌وه بڵەین: یَالیتني کنتُ تُرابا{خۆزگە هەر خاک و خۆڵ بام}، ئەمە ئیتر ئەزموون نییە بەڵکوو بەڕزەخ و زەمهەریرە.

داخەکەم گەلێک نیشانە هەن و ئێمە لە خافڵ و بێ‌ئاگایان بین یاخوا هەرگیز بۆ هیچ ئیماندارێک ڕوونەدات چونکە خوای دلۆڤان مەرگ و ژیانی لەگەڵ نیشانەکان بۆ ئێمە دووپات کردۆتەوه تاکوو کەمتەرخەمی نەکەین. 

فێر بین لە زستانێک کە تێپەڕی، لە بەفر، لە کزەی سەرمایەکەی، کە خۆڕاگر بین لەبەرامبەر بەڵا و نەخۆشی و ناخۆشییەکاندا، چونکه هەر کامەیان هۆیەکی هەیه، هۆیەک بە درێژایی تەواوی تەمەنی سۆزی بەفر. 

ئەگەرچی بەهار بە قیامەتی بچووک دادەنێین، بەڵام زستان و سووڕی بارینی قیامەتێکی کاریگەرترە، بەم مەرجەی خوێندکارەکە وشیار بێت. 

خوایە گیان! ئەم زستانەش تێپەڕی، وەک تەواوی ڕۆژەکانی تەمەنم، نازانم چ کردەوەیەکم پاشەکەوت کرد، چم بنیات نا و چم ڕماند، نازانم ئەوەیکە پاشەکەوتم کردووه، ئاخۆ دەمێنێتەوە یان دەڕزێت و فڕێ دەدرێت؟! 

نازانم ئەوەیکە کوتم و بەجێم هێنا بەکەڵک بوو یان نا؟ نازانم چ فێر بووم و چم فێری خەڵکانی تر کرد؟ هیوا و ئومێدی چەند کەسانم کوشت؟ نازانم چ نمرەیەکم لە ڕەوشت و هەڵسوکەوتەکانم وەرگرت؟ نازانم ئەم سێسەد و شێست و پێنج ڕۆژەی کە خەرجم کرد بە چ نرخێک لێت کڕیم؟ بەڕاستی نازانم چۆنم و چۆن دەمێنمەوە؟ بەڵام باش دەزانم کە ئافرێنەرێکی دلۆڤان و خاوەن بەزەییم هەیە، خوڵقێنەرێکم هەیە کە داپۆشەری کەموکووڕی و لێخۆشبووی تاوانەکانە. 

ئەی ئافەرێنەری من! دان دەهێنم بەتەواوی ئەم کردەوانەی لە ڕووی بێ ئاگاییەوە بەجێم هێناون، بە تەواوی ئەم ڕێگەیانەی کە دەمتوانی بە بڕینیان لە تۆ نزیکتر بمەوە و نەمپێوان، لە ناخی دڵەوە دەزانم کە بۆ هەر جێگەیەک بچم جگە لە تۆ هیچ پەنایەکم نییە، کەواتە ئەی داپۆشەری کەموکوڕییەکان! بە گشت ناتەواوییەکانمەوە لە دەرگای خۆت وەرمبگرە و یارمەتیم بدە تاکوو لە کانیاوی ڕوونی نزا و پاڕانەوە و زانست کەموکوڕییەکانم پاک بکەمەوە. 

ئەی لێخۆشبووی تاوانەکان! دان بە گشت تاوانەکانم دێنم، یارمەتیم بدە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، تاوانەکانم بەهۆی تەوبە و گەڕانەوە ژێر خاک بکه‌م. 

ئەی خوای دلۆڤانی من! بەهار و زستان و سروشت بیانوونە و من تەنیا تۆ دەخوازم، وانەکانم فێر بکە و دیمه‌نی وەرزەکان بکە بە تەختەڕەشی فێرکاری، دلۆڤانی و ئەشق و ئەوینم فێر بکە. 

ئەی خواوه‌ندی توانا و دەسەڵاتدار! هەر جۆرێک بم تۆی خوڵقێنەری من؛ کەوابوو بۆ چرکەساتێکیش لە زیکر و یادی خۆت بێبەشم مەفەرموو، لەم وەرزە و لە وەرزەکانی تردا لە باوەشی خۆشەویستیی خۆت تەمەنم پڕ لە پیت و بەرەکەت بفەرموو و بیر و هۆشم لێوڕێژ لە یادی خۆت بکە؛ بەهیوام تەنیا به یادی تۆ سەرەنجام و ئاخیرم خێر بێت.